گفتوگۆی باڵۆن - چەند گۆرانییەک و بەسەرهاتێکی رەنج سەنگاوی و رۆژ کەریم
رەنج سەنگاوی لەگەڵ هاوڕێیەكی خۆی گفتوگۆی باڵۆن دەكات. رەنج لەگەڵ (رۆژ كەریم)ی هونەرمەند، رۆژانی زۆریان بەڕێكردووە و یادەوەری زۆریان پێكەوە هەیە، بۆیە جیاواز لە بەرنامەكانی دیكە گفتوگۆیەكی راشكاوانە و بەچێژتر ئەنجامدەدەن.
رووداوێك كە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێو باڵۆنەكەدا بەبیریان كەوتەوە و هەردووكیانی خستە قاقای پێكەنین، ئەوە بووە لە رۆژێكی باراناوی سلێمانیدا، رەنج دەچێت بۆ لای ماڵی رۆژ كەریم لە نزیك فولكەی خاڵە حاجی، تاوەكو لەوێوە بڕۆنە بۆنەیەكی تایبەت، وەكو رۆژ كەریم دەڵێت "خۆمان تیفتیفە دابوو شیك و رێكپۆش ئامادەبووین بڕۆین". بەڵام پێش رۆیشتنیان لەسەر شەقامەكە گفتوگۆیەك دەكەن، لەوكاتەدا ئۆتۆمبێلێك كە بەخێرایی بەسەر شەقامەكە تێدەپەڕی و هەرچی ئاوی ئەو ناوەیە دەیكات بەسەر دەموچاو و جلوبەرگی هەر دووكیاندا، بۆنەكەیان لێ تێكدەدات، كابرای شۆفێریش بۆ داوای لێبوردنێك ناوەستێ و دەڕوات. بۆیە ئەوانیش بڕیار دەدەن بە ئۆتۆمبێل دوای بكەون، پاش گەیشتنیان بە كابرای شۆفێر بە رقێكی زۆرەوە بەرەو رووی دەچن، كابراش كە دەیانبینێ و دەیاناسێتەوە یەكسەر هەردوو دەستی بۆ باوەشیان واڵا دەكات و دەڵێت "كێ دەبینم؟ دوو كەسی ئازیز، دوو بەهەرمەند و لوتکەی شارەكەم". ئەو قسانەی كابرا نەك دەبێتە هۆی دامركاندنەوەی تووڕەبونەكەیان، بەڵكو دەبێتە هۆی ئەوەی بەگەرمی باوەش بەیەكدیدا بكەن. پێش فڕین لەگەڵ گەیشتنی بە لای باڵۆنەكە رۆژ كەریم دەسڵەمێتەوە دەڵێت "فڕین بەمشێوەیە مەترسییە و سەرکێشییە بە ژیانەوە".
رۆژ باسی رووداوێكی هاتووچۆی كرد، كە لە ئەوروپا بەسەری هاتووە، ئەو كاتانەی شۆفێری لۆری بووە تووشی رووداوێك بووە، وەك خۆی دەڵێت "لەو رووداوەدا بە جۆرێك لە جۆرەكان ملم شكا، دوای ئەوە دەنگم دروستكردەوە، بەڵام پێش رووداوەكە 20 گۆرانیم ئامادەكردبوو، پێش ئەوەی نەشتەرگەری بكەم هەموو ئەو گۆرانیانەم لە ماوەی دوو رۆژدا تەواوكرد، گوتم ئەگەر نەشمتوانی گۆرانی بڵێمەوە با بۆ چەند ساڵێك ئەو گۆرانیانەم هەبێت".
رۆژ كەریم، ماوەی 28 ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژی، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، تەنیا بە جەستە لەوێیە و هەمیشە بە رۆح لەنیشتمانە "هەمیشە ئەو هەستەم هەیە من بە گەشتێك لەوێم، نەك من هەموو كوردێك ئەو هەستەی منی هەیە، نەك كورد، ئەفەریقییەك كە لە وڵاتەكەی خۆیدا لە كەپرێكدا ژیاوە، هەمیشە شین بۆ وڵاتەكەی خۆی دەكات، بەبڕوای من مرۆڤ لە هەرشوێنێك لە دایك بێت، بۆنێكی ئەو شوێنە دەچێتە مێشكییەوە، بە درێژایی تەمەنی هەمیشە حەز دەكات بۆ ئەو بۆنە بگەڕێتەوە".
گۆرانی (بە بیستوومە پرسیارت كردووم) لەگەڵ گۆرانی (پێم ناخۆشە بەجێتدێڵم نیشتمانم) كە هەردووكیان شیعری رەنج سەنگاوین، لەلای رۆژ كەریم یەكێكن لە هەرە گۆرانییە خۆشەكانی خۆی، لەبەرنامەكەشدا رووی كردە رەنج گوتی "بەڵام ماوەیەك ون بووی، ناچار خۆم شیعرێكم نووسی دواتر كردمە گۆرانی، ئەو گۆرانیەی كە دەڵێت (تۆ هەرچیت كرد بە دڵی من، بە عەشقی من، باست ناكەم دڵنیایە دڵنیابە
ماوەی 15ساڵە رۆژ كەریم كاری سەرەكی بووە بە دانانی ئاوازی گۆرانی بۆ خۆی و هونەرمەندانی دیكەی كورد، بۆیە مۆبایلەكەی پڕە لە ئاوازی بڵاونەكراوە. یەكێك لەوانە ئاوازی گۆرانییەكە كە بۆ دایكی گووتوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت "گۆرانییەكە ئامادەیە، بەڵام ناتوانێ بڵاوی بكاتەوە لە هۆكارەكەشی مەپرسن".
بەهۆی پیشەكەی باوكییەوە لە سەردەمی لاویدا رۆژ بۆ ماوەیەك كاری گۆشتفرۆشی كردووە، بەڵام لەو بوارەدا خۆی بە ناشارەزا وەسف دەكات و دەڵێت "جارێك گوێرەكەیەم سەربڕی بوو زۆر بە خراپی كارەكەم كرد، تەنانەت بووە هۆی فڕێدانی تەواو گۆشتەكەی، ئیتر لەوەوە وازمهێنا و زانیم بە كەڵكی ئەو كارە نایەم."
رۆژ كەریم لە ساڵی 1983وە خەریكی كاری میوزیكییە، ساڵی 1985 یەكەم گۆرانی خۆی بڵاوكردووەتەوە و خاوەنی دەیان گۆرانی و سەتان ئاوازی خۆیەتی.