Legel Ranj | لەگەڵ رەنج | زیادبوونی تاوانی سێکسی لەنێو هەرزەکاراندا
دادوەرێكی لێكۆڵینەوەی تاوان لە دادگەی نەوجەوانانی سلێمانی رایگەیاند ئەنجامدانی تاوان لە نێو نەوجەوانان بە رێژەیەكی بەرچاو زیاد و هەمەجۆر بووە، بۆچوونیشی وایە تیكتۆك و سناپچات هۆكارن بۆ زیادبوونی تاوانەكان كە لەو رێگایەوە نەوجەوانان زیاتر یەكتری دەناسن.
یەكێك لەو تاوانانەی كە پێشتر لەنێو نەوجەوانان زۆر كەمبووە یاخود هەر نەبووە بەكارهێنان و بازرگانی كردن بووە بە مادە هۆشبەرەكانەوە. بەپێی ئامارێك لە ساڵی 2020دا تاوانی مادەی هۆشبەر تەنیا لە سلێمانیدا حەوت دۆسییە هەبووە، بەڵام لە 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 15 دۆسییە، واتە 100% زیاد بووە.
هەر لە 2020دا تاوانە سێكسییەكان لە شارێكی وەک سلێمانی تەنیا هەشت حاڵەت تۆماركرداوە، بەڵام لە 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 42 دۆسیە. پسپۆڕێكی بواری كۆمەڵایەتی و دەروونیش هاوڕای ئەو دادوەرەیە. باس لەوە دەكات لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەتان كەس دێنە ماڵەكانمان بەبێ ئەوە لە دەرگەوە بێت لەكاتێكدا پێشتر وەها نەبوو.
بەشی هەرە زۆری ئەو نەوجەوانانەی لە تاوانەوە تێوەگلاون دایک و باوكیان جیابونەتەوە هەر وەک دادوەرێكی بەرنامەكە گوتی: "95%ـی دۆسییەكانی لەلای ئێمە دایک و باوكیان جیابوونەتەوە".
لێكۆڵەرێكی دادوەریش لەو بڕوایەدایە هەرچی نەوجەوان داوای كرد دایک و باوک بۆی دابین كرد، "ئەوا نەوجەوانەكەی دەڕووخێنێ نەك خزمەتی بكات".
لەكاتی ئامادەكردنی ئەم بەرنامەیە لە هەرێمی كوردستاندا 165 نەوجەوان لە چاكسازییەكاندان كە 149كوڕ و 16یان كچن، هەر لەپێناو كەمبوونەوەی كێشەی نەوجەوانان پارێزەرێكی راوێژكار پێشنیاز دەكات لە هەرێمی كوردستان بواری سۆشیاڵمیدیا بە یاسا رێكبخرێت.
نوێنەری چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەكەدا باسی لەوە كرد لە پارێزگای دهۆک بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر زیاترە لە بازرگانی بوارەكە، بەڵام لە هەولێر و سلێمانی بە پێچەوانەوەیە، هەر بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی حكومەت ئێستا 25منداڵ بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت لە چاكسازییەكاندا زیندانین زۆرینەی ئەو منداڵانەش لە چاكسازی ژن و منداڵانی هەولێرن.
لە چوار ساڵدا تاوان لە 417 کەیسەوە بووە بە 904 کەیس
خەمی زیادبوون و هەمەجۆریی تاوانەكان لەنێو نەوجەوانان وەهای لە سۆزان عەبدوڵڵا، دادوەری لیكۆڵینەوەی تاوان لە دادگای نەوجەوانانی سلێمانی كردووە بێتە بەرنامەكە و باس لە بەشێكی ئەو تاوانانە بكات كە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو زیادبوون.
دەستپێكیش لە ئاماری تاوانەكانی تەنیا نێو سلێمانی خستەڕوو كە لە 2020دا 417 حاڵەت بووە، بەڵام لە 2024 بۆ 904 حاڵەت بەرزبووەتەوە. هەر لە 2020دا تاوانی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەنێو نەوجەوانان لە سلێمانی حەوت حاڵەت بووە، بەڵام 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ15 حاڵەت. تاوانە سێكسییەكان لە ساڵی 2020دا لە هەشت حاڵەتەوە لە 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 42 حاڵەت. تاوانی دزیش لە 2020دا 68 حاڵەت بووە، بەڵام لە2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 118 حاڵەت. تاوانی تووندوتیژی خێزانیش لە 2020دا 55دۆسییە هەبووە لە 2024 بووەتە 156 دۆسیە هاوكات خراپ بەكارهێنانی ئامێری پەیوەندی لە 2020دا 8كەسی بووە، بەڵام لە 2024دا بۆ 17 حاڵەت بەرزبووەتەوە.
دادوەر سۆزان عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەگەر بەر بەم تاوانە نەگرین، كۆمەڵگاكەمان بەروو ئەوە دەڕوات رێژەی تاوان تێدا بگاتە 60% بۆ 70%".
بە بۆچوونی ئەو دادوەرە هۆكارێكی سەرەكی زیادبوونی تاوان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن بە تایبەت وەك ئەو گوتی: "لە رێگای تیكتۆک و سناپچات نەوجەوانان یەكتری دەناسن دواتر تاوانی لێدەكەوێتەوە بەزۆریش تاوانە سێكسییەكانن لەو رێگایەوە روودەدا، ئێمە ناڵێین دەبێت تاوان سفر بێتەوە، بەڵكو زەنگێک هەیە كە كۆمەڵگاكەمان بەرەو تاوانی زۆر دەڕوات. دەبێت خەڵک ئاگادار بن".
ئەو دادوەرە باس لەوەش دەكات 95%ـی دۆسیەكانی لەلای ئەوان ئەو نەوجەوانانە كە دایک و باوكیان جیابوونەتەوە ئەو دادوەرە گوتی: "تكام لە دایک و باوكانە كاتێك بڕیاری جیابوونەوە دەدەن لەبری جارێک سەتان جار بیربكەنەوە، چونكە منداڵەكانیان سەرگەردان دەكەن".
كافتریای 24 كاژێری
تاوانێک دادوەر سۆزانی نیگەران كردووە كە زۆر زیادی كردووە ئەویش راكردنی كچانی نەوجەوانە لە ماڵەكانیان؛ سۆزان عەبدوڵڵا دەڵێت: "كچمان هەبووە بۆ ماوەی بیست رۆژ ماڵەوەیانی جێهێشتووە كە پرسیارمان لێكرد دەیگوت لە كافتریای 24 كاژێری ماومەتەوە، بەراستی لەوەوە زانیم كافتریای 24 كاژێری هەیە، چ پێویست دەكات لەم وڵاتە كافتریای 24 كاژێری هەبێت، بۆیە پێویستە رێگری لە كافتریای 24 كاژێری بكرێت، جگە لەوە كچم لایە دایک و باوكی نییە لەلای نەنكی ژیاوە، تاوەكو ئێستا هەشت جار لە ماڵ رایكردووە، تووشی تاوانی سەیر بووە".
زیادبوونی بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لەنێو نەوجەوانان خاڵێكی دیكەی نیگەرانیی ئەو دادوەرەیە؛ ئەو باس لەوە دەكات لە 1995ـەوە لەنێو دادگاكاندا كار دەكات، بەڵام نەیبینیوە مادەی هۆشبەر لە نێو نەوجەواناندا بەو جۆرەی ئێستا زیاد بكات، ئامارەكەش راستی قسەكەی دەسەلمێنێ، چونكە لە 2020دا بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەنێو نەوجەوانان لە سلێمانیدا حەوت حاڵەت بووە، بەڵام 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 15 حاڵەت.
زوو هەڵخڵاتاندنی نەوجەوانانی كچ ئەو داوەیە كە سەرچاوەی زۆربەی تاوانەكانە. ئەو دادوەرە ئەوە دەخاتەڕوو هەندێ كوڕی نەوجەوان بەو وێنانەی لە خودی كچەكانەوە دەستیان دەكەوێت هەڕەشەیان لێدەكەن دواتریش تووشی تاوانی سێكسییان دەكەن. ئەو دەڵێت: "دۆسیەمان هەبووە دوو كچ لەگەڵ حەوت كوڕدا رۆیشتبوون تووشی تاوان بوون، كچمان هەبووە گوتوویەتی وەكو دراما توركییەكان حەزمان كردووە لەگەڵ كوڕدا پێكەوە بژین".